ڕاسپاردهكانی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی "میدیای دیجیتاڵیی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە لە سایەی "یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان
ڕاسپاردنی دامەزراوەكانی ماس میدیای جەماوەری و پێگە ئەلكترۆنییە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەکان كەمپینی میدیایی نیشتمانیی درێژخایەن رێكبخەن، تایبەت بە بازاڕگەریی كۆمەڵایەتی لە فۆڕمی كورتە دراماو سپۆت پروشۆر و بڵاوكراوەی ئەلكترۆنی سەر شەقامەكان، لهسهر لێكەوتە نەرێنییەكانی خراپ بەكارهێنانی دیجیتاڵ میدیا بۆ سەرخێزان و ئاسایشی كۆمەڵگە.
دهرچواندنی یاسایەکی نوێ کە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە پەیوەندی نێوان دیجیتاڵ میدیا و ئاسایشی كۆمهڵگه، و ژینگەی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی كوردستان ڕێکبخات، لهگهڵ دهقكردن لهسهر سهرجهم تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بە ئیبتزازی منداڵانیشەوە له ڕێگای میدیای دیجیتاڵی.
ڕاسپاردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و رێكخراوەكانی NGO ، بۆ كردنهوهی خولی هۆشیاریی و پەروەردەیی و رۆشنبیریی بەردەوام لە بواری بەكارهێنانی دروستی ئامرازەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و پلاتفۆرمە ئەلكترۆنییە جۆراوجۆرەكان لە پێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی لهسهر گرنگیدان بە بەیەكگرتوویی خێزان و خراپ بەكارنەهێنانی ئەو ئامرازانە كە دەبنە مایەی زیان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
هێنانهكایهی ئۆرگانێکی سەربەخۆ بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دیجیتاڵ میدیا، و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا له پێناو ئەوەی میدیا ببێتە ئامرازێکی باش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتەکان (تاک و کۆمەڵگە، و میللەت). لەگەڵ چاودێریکردنی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا لەلایەن ئهم ئۆرگانهوه بۆ ڕێگریکردن لە تاوانەکان و کەمکردنەوەی دەنگۆی نهرێنی. ئهركێكی دیكهی ئهم ئۆرگانه هۆشیاركردنهوهی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بەتایبەت گەنجان سەبارەت بەو یاسایانهی ئهم بواره ڕێكدهخات به تایبهت ئهو برگه و مادده یاساییانەی کە بەکارهێنانی نەرێنی ئینتەرنێت بە تاوان دەزانن، لەنێویاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕاسپاردنی دامەزراوە یاساییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەهەرێمی کوردستاندا ، بۆ چڕكردنهوهی چاودێری وردی سهر بەرهەم و پەیامەکانی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا لە روانگەی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و ئیتیک و بەهاو نەریتەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریی لە پێناو زیاتر ئاشنابوونی تاکەکانی گۆمەڵگەی کوردەواری بە لایهنی ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵی.
لێکۆڵینەوە لەو هۆکارانە بكرێت کە بۆچی هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان پشت بە یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری نابەستن بۆ داوای زانیاری لەو لایهنانهی کە لە یاساکەدا دیاری کراوە كه سەرەڕای تێپەڕبوونی (10) ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای مافی دەستگەیشتن بە زانیاری لە هەرێمی کوردستان، بە دەگمەن پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری گیراوە بۆ پاراستنی ئەو مافە.
هاندانی دامەزراوەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دامەزراوە حكومییەكان لە رێگەی وانەكان و خول و سیمیناری تایبەت لە بارەی گرنگیدان بە چەمكەكانی ئاسایشی كۆمەڵگە و كەلتووری پێكەوەژیان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە نێوان تەواوی ئەتنیك و ئایین و ئاینزاكان لە كۆمەڵگەی كوردستانی و عێراقیدا.
بەو پێیەی ئازادی ڕادەربڕین ناتوانرێت وازی لێبهێنرێت و سانسۆركردنی ئهستهمه، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا ڕێك بخرێت كه شەفافیهتی ههبیت.
بەرەوپێشبردنی هۆشیاری لە بنەماکانی فیقهی ئیسلامی پەیوەست بە مافی خاوەندارێتی بۆ بەرهەم و بەرهەمە دیجیتاڵی و نووسراو و بینراوەکان کە لە ئەنجامی دیجیتاڵ میدیاوە هاتوونەتە ئاراوە، و هاندانی کۆمەڵگا بۆ پابەندبوون پێیانەوە.
لێژنهی زانستی كۆنفرانس